هادی عامری پێدانی بەشە بودجەی ١٧% بە کورد ڕەتدەکاتەوە

ھادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر چەند دەنگۆیک بەدرۆ دەخاتەوە بەڵێن، بە لایەنگرەکانی دەدات، کە جارێکی دیکە ناوچە کێشەلەسەرەکان و بودجەی لە سەدا ١٧ نادەنەوە بە کورد.

ھادی عامری ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئوسامە نوجێفی سەرۆکی ھاوپەیمانی بڕیار و چەند سیاسییەکی تری سوننە بڵاوکردەوە، کە لەنێو شەقامی شیعیدا کاردانەوەی لێکەوتبوەوە و بە خیانەت ناویانبردبوو.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا عامری دەڵێت، ئاساییە ئەگەر ببینین تەواوی سەرکردەی کوتلە شیعەکان لەگەڵ لایەنە براوە سونییەکان کۆببنەوە، لەبەرئەوەی ناکرێت پێکھاتەی سوننی پەراوێزبخرێت، چاوپێکەوتنیشیان مانای سازش نییە لەسەر بنەما و بەھاکانیان.

ھەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و ھاوپەیمانی فەتح بە لایەنگر و ئەندامانی دەڵێت "ئەگەر سازشمان کرد لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ پێکھاتەیەکی دیاریکراو یان بە ڕێژەی ١٧% ڕازیبن کە پێشووتر لەپێناو پۆستی سەرۆک وەزیران دەدرا بە کورد، ئەوا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن".

ئەمە لەکاتێکدایە لە بودجەی ئەمساڵی حکومەتی عێراقدا ڕێژەی سەدا ١٧ بۆ ھەرێمی کوردستان لابراوە، ھەروەھا لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمیش حەشدی شەعبی و ھێزەکانی حکومەتی عێراق کەرکوک و خورماتوو و شنگال و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنترۆڵکرد و ئێستا تاکلایەنانە بەڕێوەیدەبەن.



PM:07:38:17/08/2018