ترەمپ: دەمێکە تورکیا بووە بەکێشە

ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەتوندی رەخنەی لە توركیا گرت و وتی دەمێكە ئەم وڵاتە بووە بەكێشە و وەكو هاوپەیمانی ئەمریكا هەڵسوكەوت ناكات.

ترەمپ لە درێژەی ووتەکانیدا ڕایگەیاند: بابەتی زیندانیكردنی قەشە ئەمریكیەكە وا بەئاسانی بەسەر توركیادا تێناپەڕێت.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ دادگای توركیا رەتی كردەوە ئەندرۆ برۆنسۆن قەشە ئەمریكیەكە ئازاد بكرێ.

دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای توركیا، چاوەڕوان دەكرێ ئەنقەرە رووبەرووی سزای ئابووریی قورستر ببێتەوە لەلایەن ئەمریكاوە، بەتایبەتیش كە ئەمڕۆ ترەمپ دووبارە هەڕەشەی توندی لە توركیا كردەوە و لە ئێستەوە چاوەڕوانی نزمبوونەوەی زیاتر بەهای لیرەی توركی دەكرێت.

برۆنسۆن کە دانیشتووی كەناراوەكانی شاری ئیزمیر بوو  تۆمەتی تیرۆریستی دراوەتە پاڵ، كەیسی ئەو قەشەیە بیانووەكی سەرەكی ئەمریكایە بۆ گوشارەكانی ئەم دواییەی بۆ سەر توركیا و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە.

هەر بەهۆی قەشە برۆنسۆنەوە، ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزیری توركیادا سەپاند، دواتریش باجەكانی سەر ئەلەمنیۆم و ئاسنی توركیای چەند هێندە زیاد كرد و ترەمپ بەتویتێك وای كرد بەهای لیرەی توركی بەشێوەیەكی چاوەڕوانەكراو بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بشكێت.



PM:08:42:17/08/2018