لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر برنجدا گرتووه، كه شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نیه.
بهروار محەمەد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكان ڕایگه‌یاند له ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه هاوبه‌شه‌كان بۆ كۆگاكانی عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی له شاری سلێمانی، له یه‌كێك له كۆگاكان ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له ٦٠ فه‌رده برنجدا گیراوه.
وتیشی، ئه‌و برنجه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه ناوی (برنجی خۆمان)ه كه بۆنێكی ناخۆشی هه‌یه و فهردهكهشی دوباره دوراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق نییه.
ئاشکراشیکرد، نمونه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستیی سلێمانی كراوه بۆ پشكنین و ده‌ركه‌وتووه برنجه‌كه شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نیه.
هەروەها سه‌رۆكی لیژنه‌كه داوا له هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات له كاتی بازاڕیكردن و كڕینی پێداویستیه‌كانیان ئاگاداری ئه‌وجۆره برنجه بن، له كاتی بینیدا لیژنه هاوبه‌شه‌كانی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه.