بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا تیپی شانۆی ئارارات/كوردستان- ئەوروپا، شانۆیی "روتبوونەوە" لە سلێمانی نمایش بكات، دەرهێنەری بەرهەمەكەش دەڵێت "شانۆنامەی رووتبوونەوە نەك پەیوەستە بەو بارودۆخەی ئێستامانەوە بەڵكو پەیوەستە بە رابردوو و داهاتووشمانەوە".
هەڵكەوت محەمەد، دەرهێنەری شانۆییەكە بە (سپی) راگەیاند "بۆخۆم كاتێك بڕیاری كاركردن لە شانۆنامەیەكدا دەدەم كە بیخەمە سەرشانۆ راستەوخۆ دەبێ رووداو و باس و جەوی گشتی شانۆنامەكە پەیوەست بێت بە ئێستا و ئێرەی نیشتیمانەكەمەوە".
وتیشی "شانۆنامەی رووتبوونەوە نەك پەیوەستە بەو بارودۆخەی ئێستامانەوە، بەڵكو پەیوەستە بە رابردوو و داهاتووشمانەوە، بەجۆرێك كە نووسەر لە پۆلۆنیاوە دەڵێی بۆ كوردستانی نووسیووە، ئەمەش قورسی و بایەخی نووسەری جیهانیمان بۆ دەردەخات، هەروەها جوانی و تەكنیكی داڕشتنەوەی شانۆنامەكەی لەلایەكی دیكەوە".
هەڵكەوت محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا "شانۆیی رووتبوونەوە یەكێك دەبێ لەو شانۆییانەی كە كاركردن بەمەرج و میتۆدی ئەكادیمیانە كاری لەسەر كراوە، جگەلەوەی گروپەكەمان هەمیشە پەیڕەوی قوتابخانەی هونەریی و میتۆدی جیهانی دەكات، ئێمە وەك گروپی شانۆی ئارارات ، هەمیشە بایەخ و كاركردنمان بۆ هەوڵدانە بە پیشەمەندی و پشتبەستن بە میتۆدی هونەری و ئەكادیمی".
باسی لەوەشكرد "لەوانەش كەسی پسپۆری بوارەكە كارەهونەرییەكانمان بۆ جێبەجێ بكات، سینۆگرافیا دەبێ سینۆگرافی تایبەت و موزیكساز ئەركی نوسینەوەی هەموو فۆرم و تێرم و وشە موزیكەكانمان بۆ دەنوسێتەوە، لەمەش دا كوالێتی و تایبەتمەنی هونەری و ئۆرجیناڵی دەبێ بە پیشەمان، بەدەر لەوەی كە هەوڵی تەواوەتی بۆ پیشەمەندی هەموو كاستەكە دراوە".
دەرهێنەری شانۆییەكە، ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە لە پڕۆڤە بەردەوامین و ئاستێكی باشیمان بڕیوە و وردە وردە لە نمایشكردن نزیك دەبینەوە، بە هیواین لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا لە شاری سلێمانی و لەسەر شانۆی هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی دەستبەنمایشكردن بكەین".
شانۆیی (ڕووتبوونەوە) نوێترین بەرهەمی تیپی شانۆی ئارارات/كوردستان- ئەوروپا و بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بە هاوبەشی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد مەڵبەندی گشتی/ سلێمانی-یە.
ئەم شانۆییە لەلایەن نووسەری پۆڵۆنی (سلاڤۆمێر مرۆژیك) نووسراوە و (د.فازیل جاف ) بۆ زمانی كوردی وەریگێڕاوە و ( هەڵكەوت محەمەد) كاری دەرهێنان بۆ ئەم نماییشە ئەنجام دەدات و هەریەك لە (د.سەردار مەحمود و دڵشاد شەهاب) رۆڵی كەسایەتییەكانی شانۆنامەكە بەرجەستە دەكەن.
لە شانۆییەكەدا (ئاراس عەبدوڵا) وەك یاریدەدەری دەرهێنەر بەشدارە و سینۆگرافیای شانۆییەكەش لەلایەن (شیراز عەزیز)ە وە ئەنجام دەدرێت، جگەلەوەش موزیكی ئەم بەرهەمە لەلایەن (وەلید عاسی) نوسراوە و جێبەجێدەكرێت، هەروەها بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان (چێنەر نزار)ەو (هێڤار نەجات) بەڕێوەبەری شانۆیە، كاری ریكلام و راگەیاندنی شانۆییەكەش لەلایەن هەردوو رۆژنامەنووس (هۆگر كەمال و چۆمان مەحمود)، ئەنجام دەدرێت و (ئاشتی كەمال) بەرێوبەری بەرهەمەكەیە و (د.فازیل جاف) بەڕێوەبەری گشتی شانۆییەكەیە.