وادەی دابەشکردنی مووچەی كەمئەندامان رادەگەیەندرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، مووچەی هیچ كەمئەندامێكی سنورەكەیان نەبڕراوە  بەڵكو بۆ ماوەیەكی كاتی راگیرابوو، دوای جەژنی قوربانیش دەست بە دابەشكردنی موچەکانیان دەکرێت.

لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لەبارەی بە بڕینی مووچەی كەمئەندامانی پارێزگاكە ئاماژە بەوە دەکات، مووچەی كەمئەندامان نەبڕدراوە و دوای جەژنی قوربان مووچەكانیان وەردەگرن.

 دەشڵیت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كاری لیژنەكانی پزیشكی و ئاشكرا كردنی ژمارەی ئەو كەمئەندامانەی لە پشكنین دەرنەچووبوون، بە پێویستی دەزانن خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی سنووری هەولێر ئاگادار بكەنەوە تائێستا بە فەرمی مووچەی هیچ كەسێك نەبڕاوە، بەڵكو بۆ ماوەیەكی كاتی راگیرابوو تا ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانەی كە لە پشكنینی لیژنەكانی پزیشكی دەرنەچووبوون لە بڕیارەكانی لیژنە ئاگادار ببنەوە و ئەگەر گومانیان لەسەر بڕیاری لیژنەكانە، ئەو مافەیان پارێزراو بێت دووبارە داوای بینینەوەی لیژنەی پزیشكی بكەن. 

چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر داواش لە سەرجەم ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەكات كە مووچەكانیان راگیرا بوو، دوای پشووی جەژنی قوربان سەردانی بانكەكان بكەن و مووچەی خۆیان وەربگرن. 

بەڕێوەبەرایەتییەکا ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر لە بڕیاری لیژنەی پزیشكیش ناڕازین سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی هەولێر بكەن بۆ تانە لێدان لە بڕیاری لیژنەكە و داواكردنی دووبارە بینینەوەی لیژنەی پزیشكی كە دوا مۆڵەت بۆ پێشكەشكردنی ئەو داواكارییە رۆژی 24-9-2018یە.





PM:02:32:20/08/2018