حەسەن ڕۆحانی: ئەمریکا بوێرى ئەوەى نییە گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا بوێرى ئەوەى نییە گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت، چونکە توانا سەربازییەکانى وڵاتەکەی دەزانێت.

حەسەن ڕۆحانى لە میانەى وتەیەکیدا لە ڕۆژى نیشتمانى پیشەسازى بەرگریی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر وڵاتێک کە بیەوێت دەستبگرێت بەسەر خاک و سەروەرییاندا.

سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند، پێویستە توانا سەربازییەکانیان زیاتر گەشە پێبدەن بۆ ئەوەى ڕێگری بکەن لەهەر جۆرە هەوڵێک کە بیەوێت دەستبەسەر سامانەکەیاندا بگرێت.

هاوکات هەر لەمیانەی ڕۆژى نیشتمانى پیشەسازى بەرگریی ئێراندا، ئەو وڵاتە دروستکردنى فڕۆکەیەکى نوێى ناوخۆیی بەناوى کەوسەرەوە ڕاگەیاند کە تواناى هەڵگرتنى چەکى جۆراوجۆرى هەیە و لە ئەرکى سەربازى کورت مەودادا بەکاردەهێنرێت.


PM:01:17:21/08/2018