بڕیارێک لەسەر حەشدی شەعبی دەدرێت

فەرماندەیی چەکدارانی  حەشدی شەعبی بڕیاری دا سەرجەم بارەگاكانی حەشد لەنیو شارە سەرەكیەكانی عێراق دابخرێن و بارەگاكان بگوازرینەوە دەرەوەی شارەكان.

ئەمڕۆ سێشەممە بەیاننامەیەكی فەرماندەیی حەشدی شەعبی بڵاو كراوەتەوە كە ئیمزای ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەسەرە، تیایدا هاتووە "تەواوی بارەگاكان بگوازرێنەوە دەرەوەی شارەكان، تەواوی نووسینگەكانی حەشد لەنێو شارەكان دابخرێن، نابێ بەهیچ ناوێك لەنێو شارەكاندا بمێننەوە، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی لە دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگار كراون".

ئەبو مەهدی موهەندیس هەروەها داوای كردووە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان میلیشیاكانی حەشد و مەرجەعە شیعیەكاندا نەمێنێت و هەر پەیوەندییەك هەبووە، هەڵیوەشێننەوە.

ئەم بڕیارەی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە شەڕی داعش نەماوە و مەترسیەكی ئەوتۆ لەسەر شارە عێراقیەكان نیە، بۆیە پێدەچێ چیتر پێویست بەهێزەكانی میلیشیاكانی حەشد نەمێنێت.



PM:06:02:21/08/2018