دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت

دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "بریتیش ئەیرویز"ی بەریتانی و کۆمپانیای "KLM"ی هۆڵەندی  گەشتەکانی خۆیان بۆ ئێران ڕاگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/8/23 بەرپرسانی کۆمپانیای "بریتیش ئەیرویز" لە وەڵامی تۆڕی میدیایی (BBC)یدا لەبارەی ڕاگرتی گەشتەکانی بۆ ئێران وتی "بەو پێیەی چالاکیمان لە ڕێگای نێوان لەندەن بۆ تاران ئێستا هیچ پاساوێکی ئابووریی نییە، بەڵام گەشتەکانمان ڕاگرتووە" و ئەو کۆمپانیایە سەرەڕای داوای لێبوردن لەو گەشتیار و موسافیرانەی کە بلیتی تاران لەندەنیان گرتووە دەڵێت بۆ گواستنەوەی ئەو گەشتانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە لە گفتوگۆ دان.

هاوکات کۆمپانیای پاشایەتیی (KLM)ی هۆڵەندی لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی "لە ڕێکەوتی 24ی سیپتەمبەرەوە گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە بۆ تاران ڕادەگیرێن و هۆکارەکەشی بۆ پرسی ئابووری گەڕاندووەتەوە و داوای لەو کەسانە کردووە کە کە بۆ ئەو ڕێکەوتە بلیتیان بڕیوە، بە بێ بەرانبەر گەشتەکەیان بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەگوازرێتەوە، یان دەتوانن داوای پارەکەیان بکەنەوە".

پاش چڕتربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، یەک لەو کەرتانەی کە زەرەمەند بووە، کەرتی فڕۆکەوانی بووە و هەتا ئێستا چەندین کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانی و گەشتیاری چالاکییەکانیان لە ئێران ڕاگرتووە.



PM:06:45:23/08/2018