عەبادی بڕیارێک لەبارەی حەشدی شەعبی دەردەکات

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق چەند رێنماییەكی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی كشانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نێو شارەكان و بەستانەوەی بە پارت و عەتەبە ئایینیەكان، دەردەکات.

لە بەیاننامەیەکدا کەلەلایەن نووسینگەی حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەرکراوەو واژۆی فەریقی روكن محەممەد حەمید كازم، سكرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتی لەسەرە و ئاراستەی دەستەی حەشدی شەعبی/ نووسینگەی سەرۆكی دەستە كراوە، تییادا سێ رێنمایی بۆ فەرماندەیی حەشدی شەعبی دەرکراوە کە بریتین لە:

١ـ هەڵوەشاندنەوەی ناوەڕۆكی هەردوو نووسراوی نووسینگەی جێگری سەرۆكی دەستە/1388 ی مانگی ئاب، نووسینگەی جێگری سەرۆكی دەستە/1339 لە 18ی ئاب و گرنگی پابەندبوون بە یاساو رێنماییەكانی تایبەت بە بەسیاسی نەكردنی دەستەی حەشدی شەعبی.

٢ـ هەڵنەوەشاندنەوە یان نوێكردنەوەی هەر پێكهاتەیەك بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بەپێچەوانەوە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیاریەتی یاسایی لە ئەستۆ دەگرێت.

٣ـ نەجوڵاندنی هیچ پێكهاتەیەك بەبێ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و وەرگرتنی رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەگوێرەی رێوشوێنەكان.

دەستەی حەشدی شەعبی لە 18ی ئەم مانگە سەرجەم لیواكانی ئاگادارکردەوە کە لەشارەكان بڕۆنە دەرەوەو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو پارت و عەتەبە ئایینییانە بپچڕێنن كە لە پێكهێنانیدا هاوكارییان كردووە، بەپێچەوانەوە وەكو هێزێكی دەرەوەی حەشد مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت


PM:12:49:24/08/2018