رۆژهەڵاتی کوردستان؛ چوار ژینگە پارێزی ئێرانی گیانیان لەدەستدا

ڕێکخراوی هەنگاو  بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئاگر لە دارستانەکانی ناوچە سنورییەکانی شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوەتەوەو بەوهۆیەوە چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، روداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی ئاب، روویداوە، کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی سلەسێ و پیلەی شاری مەریوانی کردووە، لە ئەنجامدا ئاگر لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، چوار چالاکی ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە، بە ناوەکانی (شەریف باجوەر، ئومید حوسین زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پژوهی).

هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە بیانووی بوونی هێزە کوردییەکان کوێستانەکانی مەریوانیان بوردمان کردووە.



PM:04:24:25/08/2018