هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە بڵاوکردەوە

نوسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر ئەو نوسراوەی تایبەت بوو بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەوە و دەڵێت "ئه‌و نوسراوه‌ ره‌شنوسی‌ بڕگه‌یه‌ك بوه‌ له‌پاكێجێك، به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ و واژۆی‌ به‌رێزیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌".

دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی نوسراوێک بە ناویەوە لە سەرجەم میدیاکان، هێرۆ ئیبراهیم لە بارەی ئەو نوسراوەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 1ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018، له‌سه‌ر له‌بارودۆخی‌ سیاسی‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و گفتوگۆی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هاوكات پرسی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ داهاتوو و چۆنیه‌تی‌ به‌شداری‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ داهاتووی‌ عیراق، له‌میدیاكاندا نوسراوێك به‌ناوی‌ خاتوو(هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌".

نوسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ڕاشیگەیاندووە"به‌پێویستی‌ ده‌زانین رایگشتی‌ و ئه‌ندام و هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌و نوسراوه‌ ره‌شنوسی‌ بڕگه‌یه‌ك بووه‌ له‌پاكێجێك سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی‌ سیاسی‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ و واژۆی‌ به‌رێزیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌".

له‌كۆتایی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووە:"دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕای‌ خۆی‌ ده‌رباره‌ی‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و پرسی‌ سه‌رۆك كۆمار و پێگه‌ و پشكی‌ كورد له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق، له‌كات و شوێنی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت"



AM:10:07:03/09/2018