چەند هەڵسوڕاوێکی دیاری گۆڕان پڕۆژەیەک پێشکەش دەکەن
سپی میدیا دەقی پڕۆژەی "هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان" بڵاودەکاتەوە

تایبەت بە سپی میدیا

ژمارەیەک هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان کە پۆستی هەستیاریان لە نێو بزووتنەوەکەدا هەیە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی گۆڕان ئاڕاستەی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی دەکەن و تیشک دەخەنە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری نێو بزووتنەوەکە.

پڕۆژەکە کە لەلایەن د. ئیسماعیل نامیق، بەرپرسی ژوری یاسایی گۆڕان، د. چیا عەباس، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان و هاوڕێی نەوشیروان مستەفا، کاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕەوەز هەڵکەوت بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، د.شێرکۆ حەمە ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، د.غالب محەمەد،

پەرلەمانتاری عێراق، د.ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، د. ئومێد حەمە عەلی، پەرلەمانتاری کوردستانەوە پێشکەش کراوە.

پڕۆژەکە بە ناونیشانی هەستانەوەی گۆڕانە و ئاڕاستەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی کراوە و سپی میدیاش دەقی پڕۆژەکەی دەستکەوتووە و بۆ یەکەمجار بڵاویدەکاتەوە.

ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان داوا دەکەن بەر لە هەڵبژاردن لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە کێشەکانی ناوخۆی نێو گۆڕان چارەسەر بکرێت و لە یەکێک لە بڕگەکانیدا هاتووە "هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوان و بەهێز و دوورمەودا لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتیدا دروست بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە تاڵانکاری و سەرکوتکەرەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار".

لە بڕگەیەکی دیکەی پڕۆژەکەدا هاتووە "میدیاکانی گۆڕان کە پێکدێت لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، سایتی سبەی، ڕادیۆی گۆڕان، سایتی گۆڕان، سەر بە ژووری ڕۆژنامەوانی گۆڕان دەبن و پەیڕەوی سیاسەتی میدیایی گۆڕان دەکەن کە لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانەوە دادەنرێت و لەلایەن ژووری دارایشەوە خەرجییەکانی بۆ دابین دەکرێت".

سەبارەت بە موڵکدارێتی گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە پڕۆژەی ئەو هەڵسوڕاوانەدا هاتووە "لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە لایەن کاک نەوشیروانەوە بە ئامانجی پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی، کە لە خزمەتی بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت دامەزرێنراوە، دەبێت گردی زەرگەتە بەشێک بێت لە موڵک و ماڵی بزووتنەوەی گۆڕان و تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربێت، دەبێت ژوری یاسایی و دارایی لە ماوەی سێ مانگدا کارە یاساییەکانی مۆڵکدارێتی گردی زەرگەتە ئەنجام بدات".

ئەو هەڵسوڕاوانە سەبارەت بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان ڕایدەگەیەنن کە دەبێت هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان دەستپێبکاتەوە و ئەو هەڵسوڕاوانەی کە گرفتیشیان هەیە چارەسەری گرفتەکانیان بکرێت و لەگەڵ بزووتنەوەکە ئاشبکرێنەوە.

هەروەها پڕۆژەکە داوا دەکات لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بارەی چۆنییەتی ئامادەکردن و دەنگدان بە یاساکانی (تیرۆر و هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم) پێکبهێنرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو پڕۆژەیەدا داوادەکرێت گۆڕانکاری لە خانەی ڕاپەڕاندندا بکرێت و هەروەها ڕێکخەر بۆ ئەو ژوورانە دابنرێت کە ڕێکخەریان نییە، هەروەها پێویستە وەک لە نامەکانی نەوشیروان مستەفادا هاتووە بەشداریکردنی ژنان و گەنجان لەبەرچاوبگیرێت.

ئەم هەڵسوڕاوە دیارانەی گۆڕان ئاشکرای دەکەن، کە ئەم پڕۆژەیە تەنها هی ئەوان نییە بەڵکو هی هەموو ئەوانەن کە خەمی گۆڕان و پاراستنی پرنسیپەکانیان هەیە و بەرهەمی گفتوگۆیەکی فراوانە لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی و ڕۆشنبیران.

ئامادەکارانی ئەم پڕۆژەیە لە ٢٠ی ئابدا لەگەڵ ڕێکخەری گشتی کۆبوونەتەوە و داوایانکردووە لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی جڤات لەسەر پڕۆژەکە سازبکرێت، هەروەها چەندان کۆبوونەوە و سیمیناری تریان بۆ پڕۆژەکە ئەنجامداوە.



ئەمەش دەقی پڕۆژەکەیە



PM:04:39:03/09/2018