ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكەی بەسرە زیادیكرد

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دوایین ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانی رۆژی رابردوو لە بەسرە، ئاشكرا دەكات.

رۆژی چوارشەممە 5/9/2018، میدیا عێراقییەكان لە زاری سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بڵاویان كردەوە، كە ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی بەسرە گەیشتووەتە پێنج كەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 68 كەس.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەكانی دیكەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی ئاوی شیرین و كارەبا و بێكاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەكەن.

بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەكانیشەوە، نزیكەی یەك هەزار خۆپیشاندەر كوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیركرانی سەدانی دیكە.

بەسرە كەوتووەتە باشووری عێراق، بە یەكێك لە شارە هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان لە رووی سامانی سروشتییەوە دادەنرێت و شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام حكوومەتی ئەو وڵاتە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئەو خەڵكە دابین نەكردووە.

رۆژی سێشەممە 4/9/2018، هاوڵاتییانی بەسرە بۆ داواكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان، دەستیان بە خۆپیئشاندان كردەوە و هێزە ئەمنییەكانیش بە گوللە وەڵامیان دانەوە.



AM:09:35:05/09/2018