نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی خۆپیشاندانەكانی بەسرە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەیەك لەبارەی خۆپیشاندانەكانی بەسرە و تەقەی هێزە ئەمنییەكان لە خۆپشاندەران، بڵاو دەكاتەوە.

لە بەیاننامەكەدا، كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە ، یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانیی خۆی لەو رووداوانە دەردەبڕێت و سەرەخۆشی لە خانەوادەی خۆپیشاندەرە كوژراوەكان دەكات.

دەقی بەیاننامەكە:

یان كوبیشی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، جەخت لەسەر ئارامی و خێرا پێكهێنانی حكومەت دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عیراق

بەغداد، ٥ی ئەیلولی ٢٠١٨- بەڕێز یان كوبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە قوربانیانی خۆپیشاندانەكان كە بەهۆی نەبوونی خزمەتی گشتییەوە لە بەسڕە سەریان هەڵداوە. ئەو سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان دەكات و هیوای هەرچی زووچاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

 
بەڕێز كوبیش جەخت لەسەر ئارامی دەكاتەوە و داواش لە دەسەڵاتداران دەكات بۆ خۆدوورگرتن لە بەكارهێنانی هێزی لەڕاددەبەدەر و بكوژ دژی خۆپیشاندەران و پاراستنی پێویستیش بۆ خەڵكی بەسڕه دابین بكەن ‌و مافەكانی مرۆڤ لەبەرچاوبگرن لەكاتی پاراستنی یاسا و ئارامی و لێكۆڵینەوەش‌ لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هۆكاری ئەم توندوتیژییەن بكرێت و لیپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە حكومەتی عیراق دەكات بۆ ئەوپەڕی كاركردن لەپێناو جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خەڵك لە ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی كارەبا.

بەڕێز كوبیش هەروەها داواش لە سەركردە سیاسییەكان  و ئەندامە تازەهەڵبژێردراوەكانی پەرلەمان دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان و كاركردنی بەپەلە و هەنگاوی پێویست بنێن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی و چاكسازیكا‌ر كە بتوانێت بە خێرایی و كاریگەرانە بەهانای پێویستییەكانی خەڵكەوە بچێت لە دابینكردنی خزمەتەكانی ئاو و كارەبا و رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی ژیانێكی شكۆمەندانە. ئارامیی درێژخایەن و باشكردنی ئەدای ئابووریش پێویستە شانبەشانی یەكتر هەنگاو بنێن و چارەسەركردنی ئەم كێشانەش پەیوەستە بە سەركردە سیاسییەكانەوە كە پێویستە بە یەكگرتوویی كار بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی بكەن.



AM:11:26:05/09/2018