ئێران تۆپبارانی بارەگاکانی "حدکا"ی کرد

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" دایگەیاند تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بارەگاکانیانی تۆپباران کردووە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆوە سوپای پاسدارانی ئێران تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سنورەکانی چۆمان و سیدەکان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چۆمان و سیدەکان بەر تۆپبارانەکان کەوتوون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاونەکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاری لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکەن.

هاوکات ئێحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان  ڕایگەیاند، تا ئێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانە بە وردی نەزانراوە بەڵام بەوهۆیەوە پۆش و پاوانی ناوچەکە سوتاوە و زیانی بەرکەوتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند مانگی ڕابردوودا هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا بەبیانوی بوونی پێشمەرگەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکە چەندین جار سنورەکانی برادۆستیان بۆردومان و تۆپباران کردووە و بەوهۆیەشەوە زیانی مادی زۆر بەر دانیشتووانی ناوچەکە کەوتووە.



PM:01:42:06/09/2018