حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەیە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بەسرە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، عەبادی دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە بەزوویی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکەنەوە و پەرلەمان پابەند بێت بە کاتە دەستورییەکانەوە و ئەو ئەرکانەی ماویەتی تەواویان بکات.
هەروەها دەشڵێت، عەبادی ئامادەیە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکات لەگەڵ وەزیر و بەرپرسەکاندا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێداویستییەکانی بەسرە و دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوای کرد کۆبوونەوەی پەرلەمان بەزوویی ئەنجامبدرێت بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری ناوخۆ و تەندروستی و کارەبا و چەند وەزیرێکی دیکە.
پاش نیوەڕۆى دوێنێ هەزاران خۆپیشاندەر لەبەردەم بیناى پارێزگاى بەسرەدا گردبوونەوە لە بەرامبەر هێزە ئەمنییەکانى عێراقدا کە فیشەک و بۆمبى فرمێسکڕێژیان دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهێنابوو.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، خۆپیشاندەرانی بەسرە دەروازەی ئوم قەسریان لە شارەکە داخست وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و تا ئێستاش شەش خۆپیشاندەر کوژراون.
هاوکات تا ئێستا شەش خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەسی دیکەش برینداربوون.