سەدر هەنگاوێکی بەپەلەی گرتبەر بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر دۆخی بەسرە

هاوپەیمانێتی سائیرون کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئیمزای کۆکردەوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆخی بەسرە.

میدیا عێراقییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەمشەو هاوپەیمانی سائیرون ٥١ واژووی پەرلەمانتارانی خۆیان کۆکردۆتەوەو ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانیان کردووە کە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە تا کۆبوونەوەی پەرلەمان رۆژی یەک شەممە لەسەر دۆخی پارێزگای بەسرە سازبکرێت.

ئەو واژوو کۆکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە بەیانێکی توندا لەسەر دۆخی بەسرە داوای کرد تا یەک شەممە پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوەو هەڕەشەی کرد ئەگەر حکومەت و پەرلەمان نەچن بەپیر کێشەکانی بەسرەوە " ئەوا هەرچی گەندەڵە رایدەماڵن ".



PM:11:30:06/09/2018