" ٤٠ کاندیدی کورد بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید دەکەن "

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی سوید ئاشکرای دەکات زیاتر لە ٤٠ کاندیدی پەرلەمانی کورد بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتی سوید دەکەن.

جەبار ئەمین پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سوید لە پۆستێک لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاو شارەوانییەکانی سوید، چەندین زانیاری گرنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت " بە پێی بەدواچوونێکی بەندە بەلایەنی کەم ٤٢ لە کاندیدەکانی پەرلەمانی سوید بەڕەچەلەک کوردن، لەوانە ٦٤ ٪ ی ڕەگەزی نێرن و ٣٦ ٪ ی ڕەگەزی مێن،بۆ نمونە لە شار وهەرێمی ستۆکهۆڵم زیاتر لە ١٠ کاندیدی بەڕەچەلەک کورد هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەگەرێکی زۆر هەیە ٦ تا ٩ کەس لەو ٤٢ کاندیدە بتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن و هەڵبژێردرێن بۆ پەرلەمان. بە مەش لەوانەیە ژمارەی پەرلەمەنتاری بەڕەچەڵەک کورد، کە ئێستا ژمارەیان پێنج کەسە ولە ئامینە کاکەباوە، جەبار ئەمین، لاوێن ڕێدار، رۆزا گوچلو هێدین و سەرکان کوسێ پێکهاتووە، زیاد بکات".
جەبار ئەمین لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات
"جگە لەوە ژمارەیەکی زۆر کەسی بەڕەچەڵەک کورد کاندیدکراون بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان. بە پێی زانیارییەکان ژمارەی ئەوانە لە سەت کاندید زیاترە".

ڕۆژی ٩/٩/٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگا و شارەوانییەکانی سویدە و ٨ پارتی ناو پەرلەمان و چەندەها پارتی تر بەشدارن لە هەڵبژاردنەکە بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین ژماری کورسی. 

هەرچەندە ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی ٩/٩ دەبێت بەڵام لە ڕۆژی ٢٣/٨ ەوە هاوڵاتییانی سویدی دەتوانن لە شوێنی تەرخانکراو دەنگی خۆیان بدەن. هەموو هاوڵاتییەکی سویدی مافی هەیە بەشداربێت لە هەر سێ هەڵبژاردنەکە (واتە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پاڕێزگا وئەنجومەنی شارەوانی).

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارەی کاندیدەکان ٦٢٨٧ کەسە کە ٥٦ ٪ ی ڕەگەزی نێرن و ٤٤ ٪ ی ڕەگەزی مێن. ئەم کاندیدانە کێبرکێ دەکەن لەسەر ٣٤٩ کورسیەکەی پەرلەمانی سوید. واتە هەر ١٨ کاندیدێک کێبڕکێ لەسەر هەر کورسییەکی پەرلەمان دەکەن.



AM:12:25:07/09/2018