ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکات مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن.
لە بەیاننامەیەکدا ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە حزبەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە، ڕایگەیاندووە، "ڕۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد".
ئاماژەی بەوەش کردووە، دوابەدوای ئەوەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و رامین حسێن پەناهی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دران، سوپای پاسداران بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی موشەکی و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەتوندی ئیدانەی لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە و هەروەها هێرشی موشەکی و کۆمەڵکوژی سوپای پاسداران بۆسەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک دەکات.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبوون دا دەبێ، ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو و وەڵامێکی ددانشکێن بەرەورووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە".
ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاشیگەیاندووە، "داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەمە بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن و جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان وبازاڕ، نمایشێکی پڕشکۆ لە بێزاربوون و "نا"گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە".
هەروەک داواشی لە چالاکانی مەدەنی لەناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات کردووە بەوپەڕی تواناوە پشتگیری لەو بانگەوازە بکەن.