جێگری قاسمی سلێمانی لە هەرێم بوو

لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردووەوە، تا رۆژی هەینی جێگری فەرماندەی قودسی ئێران، قاسمی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" رەزای بەخش " جێگری قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس، هەفتەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بووەو چاوی بەسەرکردە کوردەکان کەوتووەو، مەبەستیش لەسەردانەکانی کە لەنێوان هەولێر و سلێمانی دا هاتوچۆی کردووە رازی کردنی کورد بووە بەرێگا چارەی ئێرانی بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.


بەپێی ئەو زانیاریانە وەفدی ئێران لەو کۆبوونەوانەیاندا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بە هەردوو شێوازی زمانی دیبلۆماسی و هەڕەشە، بەسەرکردە کوردەکانیان راگەیاندووە کە ئەوان داوا لە کورد ناکەن بچنە پەنا هاوپەیمانی هادی عامری و مالکیەوە، بەڵکو داوایان لێکردوون کە نەچنە پاڵ سائیرون و عەبادیەوەو، لەم کاتەدا بەسەربەخۆیی بمێننەوەو تا شیعە کێشەکانی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.

هەروەها ئێران ئەو هەڕەشەیەشی لە سەرکردە کوردەکان کردووە کە ئەگەر بچنە پاڵ عەبادی و سەدرەوە، ئەوا ئەوان لەماوەی ئەو چوار ساڵەی ئایندەدا دژی کوردو داواکاریەکانیان دەبن، لە پەرلەمانی عێراق.

سپی زانیوویەتی لە کاتێکدا ئەمە هەڵوێستی ئێرانە، ئەمەریکا بە راشکاوی داوایان لەکورد کردووە کە پشتگیری لە عەبادی بکەن و قبوڵی ناکەن پشتگیری لە مالکی و عامری بکەن.

رەزای بەخش، کە ماوەی چوار رۆژ لە هەفتەی رابردوودا لە هەرێم بووە، پێشتر ماوەی سێ ساڵ جێگری دانایی فەڕ سەفیری پێشووی ئێران بووە لە بەغدا، ماوەی دوو ساڵێکیش دەبێت جێگری قاسمی سلێمانیە بۆ کاروباری سەربازی.   



PM:11:23:09/09/2018