ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بۆ ناساندنی دەستەی راھێنەران و یاریزانە نۆییەکان ئەنجامدا


ئەمرۆ یەکشەممە لە ھۆڵی کۆنگرە یانەی ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بۆ ناساندنی دەستەی راھێنەران و یاریزانە نۆییەکان پێشکەش بە دەزگا راگەیاندنەکان کرا.
د.عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی ھەولێر بەخێرھاتنی کەناڵە راگەیاندنەکانی کرد گوتی: راگەیاندن ھۆکارێکە بۆ پاڵپشت و پشتگیری کردنی یانەی ھەولێر دەستخۆشی لە دەستەی راھێنەرانی پێشوو عەلی وەھاب و تەھا،قادر و شوان ئەنوەر و عەبدولخالق مەحمود دەکەم، کە رۆلیان لە سەرکەوتنی تیپەکە بۆ خولی نایابی عێراق ھەبوو و ھەروەھا سوپاسی ھاندەران دەکەم، کە لە یارییەکانی خولی پلە یەک پاڵپشتی یاریزانان بوون و داواکارم لە خولی نایاب زیاتر لە نێو یاریگا ئامادە بن.
لە درێژەی قسەکانیدا د.عەبدوڵڵا مەجید باسی ئامادەکارییەکانی تیپەکە کرد و گوتی: بە دە رۆژ تیپمان ئامادەکردووە بۆیە نابێت پەلە لە ستافی راھێنەران و یاریزانان بکەین و ئەمساڵ ناتوانین رکابەری بەدەستھێنانی خولەکە بکەین، بەڵام ئامانجان دروستکردنی تیپە بۆ وەرزی داھاتوو تاکو بتوانین بە بەھێزی بەشداری بکەین دووبارە شکۆی ھەولێر بگرێنینەوە ئەمەش پێویستی بەپاڵپشتی مادی و معنوی جەماوەر و راگەیاندن و حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان ھەیە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی یانەی ھەولێر داوای لە کەرتی تایبەت کرد بێنە پێشەوە ھاوکاری یانەی ھەولێر بکەن و گوتی: سوپاسی کۆمپانیای ئیمپایەر وورلد دەکەم، کە گشت شایستە داراییەکانی یاریزانی پیشەگەری بەرازیلی تیاگۆ کردە ئەستۆی خۆیان ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە ئومێدەوارم کۆمپانییەکانی تریش بیر لە ھەمان شت بکەنەوە، چونکە لە رووی ریکلام سوودمەند دەبن و لێرەوەش بەپێویستی دەزانم سوپاسی پارێزگاری ھەولێر و وەزیری رۆشنبیری و د.شاکر ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی وەرزش و کۆمپانیای ئیمپایەر وورلد و بەرێزان خالید خۆشناو و ھیوا مەلا ماجید و کۆمپانیای یوبی ھۆڵدینگ و کۆمپانیای کار بکەم، کە بەردەوام ھاوکار و پاڵپشتی یانەکەمان بوونە.
دواتر دەستەی راھێنەران و یاریزانان پێشکەش بە دەزگا راگەیاندنەکان کران.
پاشان نائل یونس نوێنەری کۆمپانیا ئیمپایەر وورلد گوتی: پیرۆزبایی گەرانەوەی یانەی ھەولێر بۆ خولی نایابی عێراق دەکەین و بەپێویستمان زانی پشتگیری و پاڵپشتی یانەکە بین و گشت خەرجییەکانی ئەم پیشەگەرە بەرازیلیە بخەینە ئەستۆی خۆمان، ھیوادارین کۆمپانییەکانی تر چاو لە ئێمە بکەن و خزمەتی یانەی ھەولێری خۆشەویست بکەن، کە تاکە نوێنەری کوردستانە لە خولی نایاب.
دەستەی راھێنەران پێکھاتووە لە ( عیماد عۆدە ( راھێنەر)، د.تەھا قادر ( یاریدەدەری راھێنەر)، حەیدەر عوبێد ( یاریدەدەری راھێنەر)، ئەحمەد جاسم ( راھێنەری گۆلپارێز).
یاریزانە نوێیەکان ( محەمەد خالید جەفال، نەوزاد عەبدولحەمید، ئەرکان عەمار، کەریم دلی، وەلید بەحر، عومەر عەدنان، ماجد سەلامە، عەلی فازڵ، ئەحمەد عەلی حوسێن، پیشەگەری بەرازیلی تیاگۆ، پیشەگەری سوری محەمەد رافت).

راگەیاندنی یانەی هەولێر


PM:11:58:09/09/2018