لە سلێمانی ژمارەی سپاردن درا بە کتێبەکەی بەهادین نوری

ئەمڕۆ پێنجشەمەمە ١٣ی ئەیلول، دوا کاتی یەکلایی کردنەوەی پێدانی مۆڵەت بە کتێبی "پرسی کورد و ئەزمونی کوردستانی عێراق" کە لەنوسینی کەسایەتی سیاسی دیار بەهادین نوریی-ە، لە ئەنجامدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەی سلێمانی ژمارەی سپاردنی دا بەو کتێبە.

سەرچاوەیەک بە (سپی) راگەیاند، " هەرچەندە بەشی سپاردنی وەزارەتی رۆشنبیری، ژمارەی سپاردنی نەدابوو بە کتێبەکەی بەهادین نوری بەڵام ئەمڕۆ لە بەشی سپاردنی کتێبخانەی گشتی سلێمانی ژمارەی ١٦٧٨ سپێردرا بە کتێبی (پرسی کورد و ئەزمونی کوردستانی عێراق)".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، وەزیری رۆشنبیری خالید دۆسکی، هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەی سلێمانیدا کردووە تاوەکو ژمارەی سپاردن بدەن بەو کتێبە.

ئەمەش لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا بەشی سپاردنی وەزارەتی رۆشتنبیری ئامادە نەبوو ژمارەی سپاردن بدات بەم کتێبەی.

جێی ئاماژەیە کتێبی (پرسی کورد و ئەزمونی کوردستانی عێراق) باس لە مێژوی سیاسی نزیکەی ٧٠ ساڵی پێشوی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد لە باشوری کوردستان دەکات.

مامۆستا بهائەدین نوری یەكێكە لە دیارترین سەركردە چەپەكانی عێراق، لە ساڵی 1946 پەیوەندی بە حزبی شییوعی عێراقەوە كردوە، پۆستی سكرتێری ئەو حزبەی وەرگرتوە، لە ساڵی 1953 بۆ 1958 لە زیندانی رژێمی پاشایەتی بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەشی یەكەمی بیروەرییەكانی خۆی بڵاوكردۆتەوە. سەرباری نەخۆشی بەردەوامە لە نوسین.



AM:11:42:13/09/2018