عەبادی هێز لەسەر سنووری عێراق و تورکیا بڵاودەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاریدا بە دۆکیومێنتکردنی پێشلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر زەوی و ئاسمانی عێراق و بڵاوەپێکردنی پاسەوانی سنوور بە درێژایی سنووری عێراق و تورکیا.

رۆژی یەکشەممە ١٦ی ئەیلول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئاسایش و سەقامگیری، تووندوتۆڵکردن ،دۆکیۆمێنێتکردنی پێشلکارییەکان بۆ سەر زەوی و ئاسمانی عێراق، کرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکخستن و ئەرکە سەرەکییەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پڕچەککردن و بەهێزکردنی رۆڵی تەواوکاریان لەگەڵ سوپای عێراقی کراوە .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سەقامگیری بەسرە  و رێوشوێنەکان و پاراستنی خەڵک و موڵک و ماڵی گشتی تاوتوێکراوەو چەند بڕیارێکیش لەلایەن ئەنجومەنەکە دەرکراوە لەوانە:

یەکەم: وەزارەتی ناوخۆ دووبارەی چاوخشانەوە دەکات بە رێکخستنەوەی پۆلیسی فیدراڵی.

دووەم: وەزارەتی دەرەوە رێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی پێشلکارییەکانی تورکیا بۆ ئاسمانی عێراق لای نەتەوەیەکگرتووەکان و دووبارەخستنەڕووی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی.

سێیەم: بڵاوکردنەوەی پاسەوانی سنوور بەدرێژایی سنووری عێراق- تورکیا بۆ پاراستنی سنوور و رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک و ئامادەکردن و دابینکردن و تەرخانکردنی سەرجەم پێدویستییەکانی.

چوارەم: پەسندکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراقی و هەنگاریا و سەرپشک و پێدانی دەسەڵاتی بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دانووستاندن و واژۆکردن.


AM:12:07:17/09/2018