وەزارەتی دارایی لە بارەی دامەزراندنەوە ڕوونکردنەوە دەدات

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی لە بارەی دامەزراندنی دەیان هەزار فەرمانبەری گرێبەست، ڕایگەیاند پێشینەی دامەزراندن بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە خزمەتی زیاتریان هەیە.

پەروین نوری، بەرێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە بە ڕۆژنامەی باسی وتووە" بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی پێشینە دەدرێتە بەو فەرمانبەرانەی بە گرێبەست كاردەكەن ئەویش بە پێی ساڵانی خزمەت بە تایبەت ئەوانەی خزمەتیان زۆرترە شانسی زیاتریان دەبێت".

ڕاشیگەیاندووە بەپێی رێنمای 32 و 38 ی وەزارەتی دارایی هەر فەرمانبەرێك 3 ساڵی تەواوكرد دەتوانێت ببێتە فەرمانبەری هەمیشەییبەو مەرجەی بودجەی بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەیەكی پەسند كراو رێنماییەكە راگیراوە.

پەروین دەڵێت :" خەڵك هەیە 7 بۆ 8 ساڵ خزمەتی گرێبەستی هەیە و نەكراوەتەو فەرمانبەری هەمیشیی، بۆیە پێشینەی دامەزراندن بەوانە دەدرێت كە زۆرترین خزمەتیان هەیە".

ڕوونیشی کردووە مامۆستایانی گرێبەستیش بەپێی ساڵانی خزمەتیان وەك فەرمانبەری گرێبەست مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی بكرێنە هەمیشەیی، "بەشێك لە گفتوگۆكانی بودجە پەیوەندی بە میلاكات و پڕكردنەوەی میلاكات هەیە چونكە چەند ساڵە بەهۆی قەیران دامەزراندن وەستاوە".

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی گرێبەستەكان دەڵنیا دەكاتەوە ئەو خزمەتەی هەیانە نافەوتێت" بە یاسا و بڕیار چەسپیووە ئەوەی گرێبەست بێت خزمەتەكەی بۆ ئەژمار دەكرێت و بۆ سەرمووچە و بەرزە مووچە ئەو خزمەتە سودی لێوەردەگیرێ و ئەژمار دەكرێت.



PM:03:39:18/09/2018