بەرهەم ساڵح؛ جیابوونەوە.. گەڕانەوە.. سەرۆک کۆمار

ئەو هەمیشە بە زەردەخەنەوە لەسەر شاشە دەبینرێت، بەڵام جارجار توڕە دەبێت و ڕیزی حزبەکەی جێدەڵێت، ئەو پیاوێکی باڵا بەرزی ٥٨ ساڵە، زۆرینەی جار بە قاتێکی شیکەوە دەردەکەوێت، تا ئێستا ئەو دوو جار وازی هێناوە، کەمتر لە ساڵێک دەبێت حزبێکی تازەی ڕاگەیاند، بەڵام دواجار حزبە کۆنەکەی کاندیدی کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؛ بەرهەم ساڵح.

ساڵی ١٩٦٠ بەرهەم ساڵح لەیەکێک لە ناسراوترین گەڕەکەکانی سلێمانی (عەقاری)، لە باوکێکی حاکم و دایکێکی چالاکوانی بواری ژنان لەدایکبوو، ئەو کوڕە گەورەی ماڵە و دوو براو خوشکێکی دیکەی هەیە، لە ساڵی ١٩٧٩ بەرهەم ساڵح لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی دەستگیر دەکرێت لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە و ماوەی ٤٣ ڕۆژ زیندانی دەکرێت و بە چەندین شێواز ئەشکەنجە دراوە.

ئەو گەنجێکی عەینەک لەچاوە، بەردەوام گرنگی بە خوێندنی داوە، تا لە سەر ئاستی دواناوەندی لەسەر ئاستی هەرێم یەکەم دەبێت و لە تاقیکردنەوەکانی شەشی ئامدەیدا لە سەر ئاستی عێراق پلەی سێیەم بەدەست دەهێنێت و ئیدی عێراق جێدەهێڵێت بەرەو بەریتانیا لەوێوە سیاسەت و خوێندن دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی.

ئەو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی لە ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا بەدەستهێناوە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاری گشتیدا.

بەرهەم ساڵح لە سەرەتای هەشتاکانەوە بۆتە ئەندام لە ڕێکخستنەکانی ئەوروپای یەکێتی و دواتر بووە بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی لەندەنی حەو حزبە، لە ساڵی ١٩٩٢شدا لە یەکەم کۆنگرەی یەکێتیدا بووە بە ئەندامی سەرکردایەتی و بووشە بە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەمریکای یەکێتی.

ئەو بەر لە چەند مانگێک لە ڕووداوی ٣١ی ئاب بەرپرسانی حزبەکەی لە نزیکبوونەوەی زۆری ئەوان لەگەڵ ئێران و مەترسییەکانی ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام گوێی لێ ناگیرێت، دوای ڕووداوەکانی ٣١ی ئابیش بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی تۆمەتباری دەکەن کە نەیتوانیوە پەیوەندییەکی وا دروست بکات لەگەڵ ئەمریکا کە ڕێگری بکات لە ڕووداوی ٣١ی ئاب بەو هۆیەوە بەرهەم ساڵح نیگەران دەبێت و بۆ یەکەمجار داوای دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی یەکێتی دەکات.

ئەو دواجار لەسەر داوای تاڵەبانی لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەشیمان دەبێتەوە لە ماوەی‌ نێوان کانونی‌ دووەمی‌ ٢٠٠١ و ناوەڕاستی‌ ٢٠٠٤ لە سەر داخوازی سەرکردایەتی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

لە دوای‌ رووخانی‌ رژێمی سەددامی لە بەغداد، بووە بە جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ کاتیی عێراق لە نیوەی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٤. لە ساڵی‌ ٢٠٠٥ بووە بە وەزیری‌ پلاندانان لە حکومەتی‌ گواستنەوەی عێراق و دواتر لەساڵی ٢٠٠٦ تاکوو ٢٠٠٩جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ ھەڵبژێدراوی‌ عێراق(حکومەتی‌ نوری‌ مالکی) بووە، ھاوکات سەرۆکایەتی‌ لیژنەی‌ ئابووری‌ پێسپێردراوە.

بەرهەم ساڵح لە ساڵی ٢٠٠٩دا دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە مانگی ٩ی ٢٠١١ نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت پێشکەش بە سەرۆکی ھەرێم کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە تاڵەبانی و یەکێتی ئامادە نەبوون داوا لە پارتی بکەن پۆستەکەی بۆ دوو ساڵی دیکە بۆ درێژ بکەنەوە

بەرهەم ساڵح لە ١٧ی ٩ی ٢٠١٧ بەفەرمی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كرد، كە ئەوكات پۆستی جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی هەبووە.

دواتر بەرهەم ساڵح حزبی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری دروستکرد و لە کۆنگرەی حزبەکەدا وەک سەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردرا و حزبەکەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد و تەنها دوو کورسی بەدەستهێنا، دوای تەنها چەند مانگێک بەرهەم ساڵح بڕیاریدا حزبەکەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و ئەمجارەیان لە جیاتی مام جەلال، کوڕەکەی بافڵ تاڵەبانی دەرگای یەکێتییان بۆ گەڕانەوەی لەسەر واڵاکرد و دواجاریش لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٩ی مانگی ئەیلولی ٢٠١٨دا لە لایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاریکرا.



PM:01:56:19/09/2018