رۆژهەڵاتی کوردستان: کوردێکی دیکە لە سێدارە دەدرێت

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، محێدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر محێدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شاری شنۆ سەپاندووە.

ئاشکراشیکردووە، ئەو بەندکراوە سیاسییە لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

رێکخراوی هەنگاو ئەوەشی خستووەتەڕوو، محێدین ئیبراهیمی ساڵی ٢٠١٠ بەتۆمەتی پەیوەندی بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی ١٤ مانگ زیندانی کراوە.

دواتر و لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا کاتێک سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بازگەی بێمزورتێ کراوەتە ئامانج و بەسەختی بریندار بووە، لەوکاتەشەوە تا ئێستا لە ناوەندی  ئیتڵاعاتی ورمێ و زیندانی ناوەندی ئەو شارە راگیراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردبووەوە، لە شەش مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان بەسەر ٤٤ هاووڵاتی کورد لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.



PM:06:27:23/09/2018