سەرکردەیەکی دیار هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەکات

سەرکردەیەکی باڵای عێراق هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی، دەکات.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە رۆژی دووشەممە 24/9/2018، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە رایگەیاندووە، کە ئەگەر بارودۆخی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا ”هاوپەیمانیی وەتەنییە لە پرۆسەی سیاسی دەکشێتەوە".

ئەیاد عەللاوی سەرکردەیەکی باڵای عێراقییە. لە ساڵی 1945 لە دایک بووە. لە ساڵی 2004 بووە سەرۆکی حکوومەتی کاتیی عێراق و لە ساڵەکانی 2014 و 2015ش جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو.

رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد، بەڵام تا ئێستا لایەنە عێراقییرکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی حکوومەت رێک نەکەوتوون.



PM:02:08:24/09/2018