کۆمیسیۆن: بردنە ژوورەوەی مۆبایل قەدەغەیە

بەڕێوبەری لقی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ چوونە ژورەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان و هەروەها بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە قەدەغەیە.

ئارام نەجمەدین، بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمسیۆن لە کۆنفرانسێکی ھەواڵیدا ڕایگەیاند، چوونە ژوورەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە  بۆ ئەوەی دەنگدەران ئازادبن.

داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات ھەوڵبدەن بە ھێمنی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.

بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمسیۆن وتیشی ، بە دواداچونیان کردووە  بۆ سەرجەم بنکەکان و نابێت موبایل بچێتە ژوورەوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بە ھیچ شێوەیەک کاتی دەنگدان درێژە ناکرێتەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارە بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن.

کاتژمێر ھەشتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی، ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ دەرگای بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بە ڕووی دەنگدەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا کرانەوە بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی پێنجەم خولیپەرلەمانی کوردستان کە وا بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە دەنگدان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، ١٧٠ ھەزار و ٤٦٩ کەس لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە و دھۆک مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە کە دابەشکراون بەسەر ٩٩ بنکەی دەنگداندا.



AM:10:39:28/09/2018