بڕیاردەری کۆمیسیۆن: پوچەڵکردنی سندوقەکان نادادگەرانەیە

بڕیاردەری کۆمسیۆن ڕایگەیاند لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکاندا دەبینە پاڵەوان و ماوەیەک میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەرم دەکەین، بەڵام ئەو کارە لە بەرژەوەندی ساختەکاراندایە.

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوووک ڕایگەیاند "لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکاندا دەبینە پاڵەوان و ماوەیەک میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەرم دەکەین،

ئەنجامەکانیش وەک ئەوەی بەغداد بەکۆمەڵێ لەف و دەورانی یاسایی و پەرلەمانی و دادگا و هەڵای میدیاییدا دەڕوات و لەکۆتاییدا وەزعەکە وەک دەیان ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستان و سودمەندی یەکەم ساختەکارانە".

ئیسماعیل خورماڵی ڕونیشیکردوەتەوە "دەبێت بەجدی و بوێرانە کار بکەین بۆ پوچەڵ کردنەوەی دەنگە ساختەکان، نەک سندوقەکان، چونکە پوچەڵکردنی سندوقەکان نادادگەرانەیە، دەنگی حەڵاڵ نابێت بسوتێت بەهۆی دەنگی حەرامەوە، دەنگی ساختەکاران دەسوتێت و بەشێک لەمافی خەڵکی دەگەڕێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی زۆر جیاواز دەبێت لە ئەنجامە بەراییەکان".

بڕیاردەری کۆمسیۆن جەختیشیکردوەتەوە "لە ئەگەری پوچەڵکردنەوەی دەنگە ساختەکاندا ژمارەی دەنگ و کورسیەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ هاوکێشەکان دەگەڕیتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئیسماعیل خورماڵی ئامادەی کۆنگرەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان نەبوو و دواتریش ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەدا نەبووە بەو خێراییە ئەنجامەکان ڕابگەیەنن و بە پێویستی زانیوە سەرەتا سکاڵاکان یەکلایی بکرێنەوە پاشان ئەنجامەکان ڕابگەیەنن بۆ ئەوەی هیچ ئەنجام و ژمارەیەک نەبێتە ماڵ بەسەر کۆمسیۆنەوە.



AM:09:12:06/10/2018