سەرەداوی نوێی لە سەر کوشتنی تارە فارس ئاشکرا دەکرێت

 وەزیری ناوخۆیی عێراق رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، گەیشتوونەتە ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی کچەمۆدێلی عێراقی تارە فارس.

 رۆژی یەکشەممە ٧ تشرینی یەکەم قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆیی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لایەنە ئەمنییەکان کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی کوشتنی تارە فارس دەکەن گەیشتوونەتە ئەو لایەنە بەرپرسانەی کە لە پشت تیرۆرکردنەوەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە،کە، بەپێی  زانیارییە سەرەتاییەکان  گروپێکی توندڕەو هەستاون بە کوشتنی تارە فارس، لە ئێستاشدا ئەندامانی ئەو گروپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستنیشانکراون و بەم نزیکانە دەستگیر دەکرێن.

ئەعرەجی جەختی لەوەش کردەوە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و ئەو کەسانەش
و نیشانی گەلی عێراق دەدرێن.

باسی لەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان بە دوای ئەو کەسانەوە دەبن کە دەیانەوێت یاریی بە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان بکەن و ترس و دڵەڕاوکێ بنێنەوە و وێنەی عێراق لەبەردەم جیهاندا ناشرین بکەن، بۆ ئەو مەبەسەتەش وەزارەتەکەی تیمی تایبەتی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو تاوانی کوشتنانەی کە لە چەند شارێکی عێراق لە ماوەیەدا ڕوویانداوە.

رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو تارە فارس خانمە مۆدێل و هاوەڵی شاجوانی پێشووی عێراق  لە شاری بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە دەستڕێژی گولە کوژرا.




AM:12:24:08/10/2018