لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزین بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە و ئەمەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان و شۆفێران دروستكردووە.
لە چەند رۆژی رابردوو نرخی بەنزین لە شاری سلێمانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 700 دینارەوە بۆ 750 دینار گرانبووە و هەروەها نرخی یەك لیتر بەنزینی محسن-یش لە 800 دینارەوە بۆ 825 دینار بەزربوەتەوە.
لەوبارەیەیشەوە هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ نرخی بەنزین هەڵگرتووە، بەدواداچوونیشمان بۆ بەنزینەكەی بەغدا كردووەو ئەوەی پێمانگەیشتووە، كوالێتییەكەی بەگوێرەی پێویست نەبووە، بەڵام لەئێستادا ئەگەر كوالێتییەكەی باش بێت و نرخەكەشی گونجاو بێت، بەدڵنیاییەوە داوا لەبەغدا دەكەین بۆمان ڕەوانە بكات.
وتیشی " چاوەڕوان دەكەین چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو باشتر بڕوات، لەڕێگەی سەرۆك وەزیرانی نوێ و سەرۆك كۆماریشەوە هەوڵەكانمان بخەینەگەڕ بۆئەوەی بەشە سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابینبكرێت، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كە چاوەڕواندەكرێت مانگێكی تر دەستبەكارەكانی بكات، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ".
ئەمەش لە كاتێكدایە لەپارێزگای دهۆك نرخی یەك لیتر بەنزین نۆرماڵ 790 دینارەو هەروەها نرخی یەك لیتر بەنزینی محسن-یش 890 دینارە، كە بەراوورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم گرانترە.