هەسەدە دەستبەسەرداگرتنی ئەم چەكانەدا ئاشكرادەكات

دوا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی شەڕی داعش لەڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردو ھێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئاماری كوژراوو بریندارەكانی ئەو گروپە تیرۆرستییە بڵاودەكاتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەكانی سوریای دیموكرات (ھەسەدە)، لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش لەدوا قۆناغی ھەڵمەتی گەردەلولی جزیرە بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت، "لەماوەی ٢٣ كاتژمێری ڕابردودا ٢٣ چەكداری داعش لەسنوری دێرەزۆر كوژراون".

ئەوەشی ڕونكردەوە، "لە‌ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانانی ھەسەدەو تیرۆریستانی داعشدا لەدێرەزور، شەڕڤانان ٥٠٠ مەتر پێشڕەویانكردوەو ٦ خاڵی دیكەیان دامەزراندو دەستیشیان بەسەر بڕێك چەك و تەقەمەنیدا گرتوە".

ھەسەدە ئەوەشی باسكردوە، "لەبەرەی (حەجین)یش شەڕ چەندین كاتژمێر بەردەوامبوو، تیرۆریستان لەو شەڕەدا ھەموو جۆرە چەكێكی قورسیان بەكارھێنا، بەڵام لەئەنجامدا ھیچ زیانێك بەشەڕڤانانمان نەكەوت و ژمارەی كوژراوەكان و ڕێژەی زیانەكانی چەتەكانیش نەزانراون".

ھەسەدە ئاماری كۆی شەڕو پێكدادانەكانیشی خستۆتەڕوو باسی لەوەكردوە، "بەگوێرەی ئامارەكە، ٢٣ داعش كوژراون و فڕۆكەكانی ھاوپەیمانیش پێنج جار بنكەكانی تیرۆریستانیان كردۆتە ئامانج و دوو بنكەش بەتەواوی ڕوخێندراون، ھاوكات شەڕڤانان دەستیان بەسەر چەكێكی  ١٦ M و نۆ فیشەكی چەكی (SPG)و ٢٢ پاكەت فیشەكی دۆشكە گرتوە".



PM:12:41:09/10/2018