بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ڕایگەیاند کە بە تێکڕا نزیکەی 16 تا 17 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان دەدەن.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر بە باسی وتووە ”توانای بەرھەمھێنانی کارەبا ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە، بەڵام ئێستا لە وەرزی پایزداین و خواست لەسەر کارەبا کەمتر بووە، ھەروەھا کاتژمێرەکانی ھەبوونی کارەبای نیشتمانی ئەگەر کێشەی تەکنیکی نەبێت، ئەوا بە تێکڕا لە نزیکەی 16 تا 17 کاتژمێر بە ھاووڵاتییان دەدرێت".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزاری ناوەندی ھەولێر لەبارەی بڕیاری کەمبوونەوە و وادەی پێدانی ژمارەی کاتژمێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکانەوە دەڵێت ”مۆلیدە ئەھلییەکان دەبێت لە 6 و 30 خولەکی بەیانی تا 8 و 30 خولەکی بەیانی، 12ی نیوەڕۆ تا 3ی نیوەڕۆ و لە 5ی ئێوارە تا 1ی بەرەبەیان، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، دەبێت کارەبا بە ھاووڵاتییان بدەن".
ئاماژە بەوەشدەکات ھۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە خەڵک گلەیی زۆریان لەسەر ڕێژەی پارەی ئەمپێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان ھەبووە.
ڕوونیشی دەکاتەوە: "ئێمەش دەبێ ھەوڵبدەین کە لەم یەک دوو مانگەدا، باری خەڵک ھەندێک ئاسانتر بکەین"، باسی لەوەش کرد کە لە کۆتایی ھەر مانگێکدا، پارەی ئەمپێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان دیاری دەکرێت.