"پارتی لە قوباد تاڵەبانی توڕەیە"

پەرلەمانتارێکی پارتی ڕایگەیاند کە لە کابینەی نوێی حکوومەتدا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بە یەکێتی نادرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئەو پۆستە بە قوباد تاڵەبانی نادرێت.

ماڵپەڕی باس کە یەکێکە لە ماڵپەڕە نزیکەکانی پارتی بڵاویکردووەتەوە "قوباد تاڵەبانی لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە سەرۆکایەتیی لیستی یەکێتی دەکرد، یارمەتییەکانی پارتی و هاوکاریکردنی بۆ ئەوەی لەنێو ململانێی باڵەکانی نێو حزبەکەیدا نەپڵیشێندرێتەوە، وەک دەستکەوتی خۆی بە خەڵکی نیشان داوە و زەمینەیەکی وەهای درووست کردووە کە پارتی بگاتە ئەو باوەڕەی لە داهاتوودا بۆ کاری دەستەجەمعی لە حکوومەتدا بە شیاوی نەزانێت."

نازم ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی وتویەتی ”لە کابینەی نوێی حکوومەتدا ھەر لایەنێکی سیاسی بەپێی سوقڵی خۆی پۆست وەردەگرێت، ئەمجارە وەک پێشتر بەبێ گوێدانە شایستە و کورسی و بەشبەشێنە بە پۆستەکان ناکرێت".

ڕاشیگەیاندووە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەر لایەنێک بەپێی کورسییەکانی پەرلەمان پشکی لە حکوومەت دەبێت و بەپێی دەنگەکانی یەکێتیش بێت، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک بە یەکێتی و قوباد تاڵەبانی نادرێتەوە.

دەشڵێت پارتی لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاری و یارمەتییەکی زۆری قوباد تاڵەبانی داوە، کەچی قوباد تاڵەبانی لە پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردندا یارمەتییەکانی قۆستووەتەوە و وەک دەستکەوتی خۆی بە خەڵکی فرۆشتووەتەوە. ”لە داھاتوودا ئەم مامەڵەیەی تا ئێستا ھەبووە، بەردەوام نابێت".



PM:12:49:12/10/2018