ئەحمەدی حاجی رەشید ڕەخنە لە وەفدی یەکێتی و پارتی دەگرێت

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان داوادەکات پارتی و یەکێتی لەبری ناردنی شاند بۆ پۆستەکانیان، شاندێکیش بنێرنە بەغدا بۆ بودجەی پێشمەرگە و قوتی خەڵک.

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک روونیکردەوە، لە پرۆژەیاسای بوجەی ساڵی ٢٠١٩دا پشکی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق بەبڕی ۳۷ ملیار دینار دادەنرێت کە مانگانە بە کۆی گشتی دەکاتە ٤٤٤ ملیار دینار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرامبەردا تەنها دەزگای دژە تیرۆری عێراق کە (۱۲٠٠٠) ١٢ هەزار چەکدارە بڕی ٧٣٨ ملیار و ٩١ ملیۆن و ١٨٧ هەزار دیناری بۆ تەرخاندەکرێت. ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە بودجەدا پەسەند کراوە بە ١٢٢هەزار چەکدار دانراوە بڕی  (۲٠۹۸۲۹٠٤۷٠) دوو ترلیۆن و ٩٨ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار دینار تەرخانکراوە.

ئەوەشی وتووە، لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری فیدرال بڕی (۷۸٦٥۲۸٤۷٠٠) حەوت ترلیۆن و ٨٦٥ ملیارو ٢٨٤ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە کە سەرژمێریان تەنها ١٨٤ هەزار کەسە.

ئەحمەدی حاجی رەشید راشیگەیاندووە، بودجەی تەرخانکراو بۆ حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری نۆ ترلیۆن و  ٩٦٣ ملیار و ٥٧٥ ملیۆن و ١٧٠ هەزار دینار تەرخانکراوە.

روونیشیکردەوە، بودجەی تەرخانکراو بۆ هەرێم بڕی هەشت ترلیۆن و ٩٧٠ ملیار و ٤٦٧ ملیۆن و ٢٢٦ هەزار دینار تەرخانکراوە.



PM:02:15:12/10/2018