ئەردۆغان: هێرش دەکەینە سەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرش دەکەنە سەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە رۆژئاوای کوردستان.

لە میانی وتارێکدا و لە ڕێورەسمێکی سەربازیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا کە خاوەنی کۆنترین و رێکخراوترین سوپایە، توانیویەتی بە باشترین شێوە بەرگری لەخۆی بکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای تورکیا توانیویەتی خیانەتکاران لە ریزەکانی دووربخاتەوە و رۆژ بە رۆژیش لە مەیدانە جیاجیاکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، بە پشتیوانی کۆماندۆکان و سوپای وڵاتەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرش دەکەنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات و هێزەکانی یەپەگە و پێگەکانیان لەو ناوچەیە لەناودەبەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر سەنیم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتۆن ڕایگەیاندبوو، شەڕی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فورات بەردەوامە و ئەمریکا و هاوپەیمانان تا تەواوبوونی شەڕی تیرۆر دەمێننەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییەی سعودی سەنیم محەمەد ئاماژەی بەوە کردبووە کە ئەمریکا هەڵەی کشانەوەی لە عێراق، لە سوریا دووبارە ناکاتەوە، بۆیە تا بەرپابوونی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکانی سوریا دەمێنێتەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەی بەرپرس و دیپلۆماتکارەکانی لە سوریا زیاتر کردووە.



PM:03:29:12/10/2018