وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و ٢٠% بۆ بەشەکانی تر زیاد دەکات

وتەبێژی خوێندنی باڵا رایگەیاند"پلانی وەرگرتنی دەرچووان لە زانکۆکان بەڕێژەی ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانی دیکە زیادكرا لەدوای ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان و بۆ رەخساندنی دەرفەت و هەلی زیاتر بۆ دەرچووان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بەزیادکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەكان، كە بەپێی پلانی زیادکراو و ئەو کورسیانەی بە بەتاڵی مابوونەوە، (16) هەزار کورسی خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخاندەکرێت". 

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلێدوانێکدا رایگەیاند " ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ حکومییەكانی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی تەواو تەکنیکیە، کە بەپێی رێنمایەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەشێوازێکی تەواو پرۆفیشناڵانەو زانستیانە جێبەجێ کراوە. بۆیە هەر جۆرە تەفسیریێكی ناڕوون و نازانستیانە بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ بکرێت زیاتر قوتابیان توشی دڵەڕاوکێ دەکات و بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات، بۆیە نیگەرانیشین كاتێک دەبینین نیگەرانییەکانی خوێندکاران ئیستیغلال دەکرێت بۆ مەرامی سیاسی و حزبی کە ئەمەش کارێکی نەشیاو و نا تەندروستە، بۆیە وەک وەزارەت بەرچاومان روونەو پلانمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکان. 

عەباس ئەکرەم وتیشی " لەدوای راگەیاندنی ناوی دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لەئێستادا (12020) دوانزە هەزارو بیست کورسی لە پلانی وەرگرتنی ئەمساڵ بە بەتاڵی ماوەتەوە، ئەمەش لەئەنجامی ئەوەی کە دەرچووان خۆیان کەمتر داواکاریان بۆ بەشەکان پێشکەش کردووەو بەمەش بە بەتاڵی ماوەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند بۆ رەخساندنی دەرفەت و هەلی زیاتر بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بەزیادکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانی دیکە"، هەروەک وتیشی "دوای جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانەی وەزارەت ژمارەی کورسی بەردەست بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون دەگاتە (16) هەزار کورسی خوێندن. 

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیکردەوە ئەم کورسیانەی لە ئەنجامی زیادکردنی پلان بەردەستە، لەڕێگەی هەمان سیستمی ئەلیکترۆنیەوە دەخرێتەوە بەردەستی ئەو ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لەهیچ شوێنێک وەرنەگیراوون، بەمەش کۆی ئەو خوێندکارانەی کە وەرنەگیراون گرفتەکانیان چارەسەر دەبێـت و لەدوو رۆژی داهاتووشدا لەڕێگەی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و چاوپێکەوتنەوە تەواوی وردەکارییەکان بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی رووندەکەینەوە.

لە کۆتایشدا وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختیکردەوە کە هەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خۆی بە خەمخۆر و بەرپرسی هەموو توێژی خوێندکاران دەزانێت و هەمووان دڵنیادەکەینەوە هەر دەرچوێک مافی وەرگرتنی هەبێت مافەکەی بۆ دەستەبەردەکرێت و مافی نافەوتێت".



AM:12:14:16/10/2018