سەدر پەیامێكی توند ئاڕاستەی ترەمپ دەكات

موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر پەیامێكی توند ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات و دەڵێت"هێی تۆ، لەبری ئەوەی دنیا بە هاوارە پووچەكانت لەسەر خاشقجی پڕ بكەیت، پشكنینێك بۆ چاوت بكە و دۆخی یەمەن، بەحرێن، سوریا، میانمار، لیبیا و ئەفریقا ببینە كە پڕ بوون لە گۆڕ و جەنگەكان لەناویبردوون".

سەدر لە پەیامەكەیدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە ئاماژە دەدات بەوەی جەمال خاشقجی هیچ نیە، جگە لەوەی رەگەزنامەی ئەمریكی هەبووە، لەبری ئەوەی داوای لێكۆڵینەوە بكەیت بەرامبەر بەوانەی تاوانی كوشتنی خاشقجیان ئەنجامداوە، قوربانییانی ئەو وڵاتانە ببینە.

داواش لە ترەمپ دەكات پشكنینی گوێی بكات، چونكە "كەڕ بووە" و گوێی لە گریەو زاری منداڵ و دایكان و برینداران و تەنانەت گوێی لە دەنگی تۆپباران و بۆردومانی ماڵ و بازاڕی خەڵكی ئەو وڵاتانە نییە.

سەدر بە ترەمپ دەڵێت "ئەگەر خۆت بە سەركردەیەكی جیهانیی دەزانیت، كە ئەو ناسناوەش بۆ تۆ نابێت، ئەوا باشترە كە بەرگری لەو رۆژنامەنووسانە بكەیت كە لەبارەی ناسۆری وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە دەنووسن".

ئاماژەشیداوە بەوەی ئەمریكا تەنیا بەرگری لە ئەمریكییەكان دەكات و بە پاساوی پوچیش وڵاتان داگیردەكات و بنكەی سەربازییان تێدا دەكاتەوە.

سەدر لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، دۆناڵد ترەمپ بە "فیرعەون" ناودەبات و رایدەگەیەنێت كە لەسەر ملیارە دۆلارەكانی كەندو سازش دەكات بۆئەوەی ئەمریكا بە دەوڵەمەندی بمێنێتەوە و ئەفریقا و وڵاتانی دیكەش لە هەژاری و نەداریدا بژین.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە لایەك لە هەژارەكانی وڵاتەكەی و ئەو كارەساتانە بكاتەوە كە بەرۆكی ئەمریكایان گرتۆتەوە و دەبنە هۆی لەناوبردنی.



AM:08:37:17/10/2018