ئیسرائیل بۆردومانی كەرتی غەززەی كرد

دوای ئاڕاستەكردنی چەند موشەكێك لەلایەن حەماسەوە بۆ شارێكی ئیسرائیل، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە سێ ناوچەی كەرتی غەززەیان بۆردومانكرد.

پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندووە، مووشەكەكان ئاراستەی شاری بیرشیڤا كراوە لە باشوری ئەو وڵاتە كە ٤٠ كیلۆمەتر لە كەرتی غەزەوە دوورە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەندروستی لە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەو موشەكانەی لە غەزەوە ئاڕاستەكراون،  كەوتوونەتە باخچەی ماڵێكەوە و سێ هاووڵاتی ئیسرائیلی برینداربوون.

وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، بە توندی رووبەڕووی هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس دەبنەوە و ئەنجومەنێكی وەزیرانی بچوككراوە لەسەر ئەو رووداوە دروستدەكەن.

ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لە كاتێكدایە كە ئاڵۆزییەكان لە كەرتی غەزە روویان لە زیادبوون كردووە و لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵیشەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ فەڵەستینی و هاووڵاتییەكی ئیسرائیل لەو ناوچەیە كوژراون.



AM:10:10:17/10/2018