ھەڵکەوت زاھیر، ئاوازدانەری کورد، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی وێنەیەکی خۆی و خانمێک بڵاوکردەوە.
ھەڵکەوت زاھیر لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی وێنەی خۆی و خانمێک بە ناوی سوھاد تاڵەبانی بڵاوکردەوە، کە ئەو وێنەیە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابووەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ھەڵکەوت زاھیر دەڵێت "ڕۆژی 16ـی تشرینی یەکەم، وێنەیەکم لەگەڵ خانمێکی چالاک و بەڕێزدا بڵاو کردەوە کە ناسناوەکەی لەگەڵ یەکێک لە خانەوادە سیاسییەکان یەکە، بەم بۆنەوە وێنەکە بە ئاقارێکی سیاسیدا بردراوە و مافی مرۆڤ و ژنێتیی ئەو خانمەش بەزێندراوە".
ئەو ئاوازدانەرە لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "لێرەدا ڕایدەگەیەنم، من ھونەرمەندم و موڵکی ھەموو کوردستانم، نامەوێت ھیچ یارییەکی سیاسی لەسەر حیسابی من بکرێت، ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە، کەرامەتی ھیچ ئافرەتێک لەبەر ھەر ھۆکارێک لەکەدار بکرێت".
ھەڵکەوت زاھیر ئاوازدانەرێکی بەناوبانگی کوردە، ئاوازی گۆرانی بۆ چەندین ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد ئامادە کردووە، ھەروەھا کاری ھونەریشی بۆ چەندین ھونەرمەندانی عەرەب و فارس کردووە، ژمارەیەک گۆرانیبێژیش بە ھاوکاریی ئەو دەستیان بە کاری ھونەری کردووە.