" یەکێتی برا بەشمان نابێت "

سەلام عەبدوڵڵا، سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات رایگەیاند " ئەمجارە پارتی بە قەد ژمارەی کورسییەکانی پشک و پۆست لە حکوومەت دەداتە یەکێتی".

سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات زمانحاڵی فەرمی پارتی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کەناڵی کوردستان 24، دەڵێت " من پێم وایە دەبێت یەکەمجار پارتی لەگەڵ یەکێتی قسەبکات چونکە یەکێتی خاوەن دەسەڵات، هێزی چەکداریی و دامودەزگای خۆیانن لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان".

لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی دەکرێت بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنێت، سەلام عەبدوڵڵا وتی : "رەنگە ئەو حکوومەتە سەرکەوتوو نەبێت کە یەکێتی تێدانەبێت، دروستکردنی حکوومەت لەلایەن یەک پارتی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان کاتێک دەبێت کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبێت(حزبی نەبێت)، بەڵام ئەمجارە یەکێتی برا بەشی پارتی نابێت و رێژەی کورسییەکانی، پۆستەکانی دیاری دەکات".

سەبارەت بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان سەلام عەبدوڵڵا دەڵێت: " ناکرێت ئەو پارتانەی دەنگیان کەمییان کردووە هۆکارەکەی بۆ پارتەکانی دیکە بگەڕێنەوە چونکە زۆرێک لەو پارتانە لە ریفراندۆم پەشیمان بوونەوە و خەڵک سزای دان".

سەرنووسەری خەبات دەشڵێت: "ناکرێت ئەوەی دێتە دەسەڵات، قاچێکی لە دەسەڵات و قاچێکی لە ئۆپۆزسیۆن بێت".



PM:09:04:19/10/2018