سبەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە

سبەی شەممە ٢٠ ی تشرینی یەکەم لە سلێمانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات.

عەبدولرەزاق شەریف رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سپی، رایگەیاند" سبەی شەممە کاتژمێر ١٠ بەیانی لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوو تەوەر".

عەبدولرەزاق شەریف کە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیشە لە درێژەی قسەکانیدا وتی "تەورەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بژاردەکانی بەردەم گۆڕان لەسەر ئاستی هەرێم و لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق".

دەربارەی تەوەرەی دووەم، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی وتی" تەوەرەی دووەم گفتوگۆکردنە لەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان".

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کەمکردنی دەنگەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە بالآترین دەستەی گۆڕان سازیبکات.




PM:10:09:19/10/2018