وادەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاشكرا دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا پێشبینی دەکات بەرلەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش بدات، دادگای تورکیا خۆی بڕیاری ئازادکردنی دەربکات.

 لە دیمانەیەکەی تەلەڤزیۆنیدا ئایهان بیلگەن سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "چاوەڕوانی بڕیارێکی ئەرێنی لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی دەکەین، بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، بەڵام پێدەچێت پێش بڕیاری دادگاکە بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن تورکیاوە دەربکرێت".

پێشبینیشی کرد، کە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو، بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش ددەربرکرێت و،  دوا بەدوای دەمیرتاشیش سەرۆک شارەوانییەکان و پاشان پەرلەمانتارە دەستیگرکراوەکانیش ئازاد بکرێن. 

سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، پاش دوو ساڵ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانە، دەرچوونی بڕیارێکی وا لە دادگا ئەوروپییەکەوە، نەک تەنها بۆ ناوخۆی تورکیا، بەڵکو بۆ یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتەکانی ناویشی گرنگە.

ماوەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەو پارتە لەلایەن دادگای تورکیاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و تا ئێستاش ئازاد نەکراون.


PM:10:02:20/10/2018