جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوا هەڵوێستی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و سەرەرشای ڕەتكردنەوەی داوای پێكهێنانی بەرەیەك لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەكات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلول 8 كورسی پەرلەمانی هێناوە ئەنجامی هەلچبژاردنەكان ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت " بە بەشێك لەو مەھزەلەیەی دەزانین كە ٢٧ ساڵە جوت حزبی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان دا، بۆ سوكایەتیكردن و ساختەكردنی دەنگی راستەقینەی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن".
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
راگەیاندراوێك لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"وە
دەربارەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنە پارلەمانییەكەی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨، جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"، بەمجۆرە ھەڵوێستی فەرمیی خۆی بۆ رایگشتیی كوردستانیی و عیراقی و نێودەوڵەتیی رادەگەیەنێت:
یەك/ ئێمە لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"، ئەم ئەنجامانە رەتدەكەینەوە و بە بەشێك لەو مەھزەلەیەی دەزانین كە ٢٧ ساڵە جوت حزبی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان دا، بۆ سوكایەتیكردن و ساختەكردنی دەنگی راستەقینەی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن.
دووم/ ئەم ئەنجامە گاڵتەجاڕییە راگەیاندراوانە، كە پارتی ٤٥ كورسی و یەكێتیی ٢١ كورسی-یان ھێناوە، ھەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٠٢ی عیراقمان بیردەخاتەوە، كە ١٠٠% دەنگدەرانی عیراق بەشدارییان تێدا كرد و سەدام حسێنیش رێژەی ١٠٠%ی دەنگەكانی بەدەستھێنا، بەڵام دوای كەمتر لە ساڵێك كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ھێنرا. بۆیە، چەندە دەنگەكانی ئەوكاتی سەدام حسێن راست بون، دەنگەكانی ئێستای پارتی و یەكێتیی و ژمارەی كورسییەكانیشیان، بە ھەمان ئەندازە راستن.
- بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دۆخە گاڵتەجاڕییە، كە پارتی و یەكێتیی دروستیان كردوە، داوا لە لایەنەكانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە دەكەین، گوتاری سیاسییمان یەكخەین بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دۆخە و رێگریكردن لەم سوكایەتییەی ٢٧ ساڵە بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان و دامەزراوە دەوڵەتییەكان و سادەترین بنەمای دیموكراسی دەكرێن و بۆ ئەمەش لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، ئەم سێ رێگاچارەیان لەبەردەمدایە:
١- كشانەوە لە پڕۆسەی كاری پارلەمانیی و دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی سیاسیی ھاوبەش بۆ كۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی جوت بنەماڵە لە ھەرێمی كوردستان دا.
٢- دروستكردنی بەرەیەكی بەھێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان و تەنانەت لەناو پەرلەمانی كوردستان دا، بۆ خۆئامادەكردن بۆ چوار ساڵی داھاتوو و دروستكردنی بەرەیەكی جەماوەریی بەھێز لەدژی ساختەكاریی و تاوانەكانی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان دا.
٣- پەرتەوازەیی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و شەریكایەتیكردنی ئەو ساختەكاریی و تاوانانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان كردویانە، كە بەمەش دەبنەوە بەشێك لەم دەسەڵاتە و درێژەدان بەو تاوان و ناھەقییانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێن.
ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ"، ھەر شەریكایەتیكردنێكی دەسەڵات لەگەڵ پارتی و یەكێتیی دا رەتدەكەینەوە و ئامادەی كاری ھاوبەشین لەگەڵ ئەو ھێزانەی دەرەوەی دەسەڵات دا، چ بۆ كشانەوە بێت لە پەرلەمان، یان بۆ دروستكردنی كاری ھاوبەش لەدژی دوو حزبی دەسەڵات.
هیوادارین بە زوترین كات هێزەكانی (گۆڕان،كۆمەڵ،یەكگرتو) هەنگاو بنێن بۆ دروستكردنی ئەم بەرەیە و روبەروبونەوەی پارتی و یەكێتی.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
٢١/١٠/٢٠١٨