یەکگرتوو: بەشداری کابینەی حکومەت ناکەین

یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند بەشداری كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دەربارەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە ئەنجام دا.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە هاتووە "ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاووتوێكردنی ئەنجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانەكانی حزب، بریاری دا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە لەم رۆژانەدا ئەنجومەنی گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كۆدەبێتەوە و رایگەیاند كە كۆبوونەوەكە دەكاتە "وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەم بوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بە مەبەستی خۆ نوێكردنەوە و هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە".

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی 30 ئەیلول، ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بە جۆرێك لە خولی پێشوودا خاوەنی 10 كورسی بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بە هاوپەیمانیكردنی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی 5 كورسییان بەدەستهێناوە. 



PM:02:00:22/10/2018