دادگای سلێمانی سەرجەم فەرمانەكانی دەستگیركردن جێبەجێ دەکات

دادگای سلێمانی بڕیاریدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش سەرجەم فەرمانەكانی دەستگیركردن جێبەجێ بكات.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم دادگاكانی لێكۆڵینەوەی كردووە، داوای لێكردوون كە وێنەیەك لەو فەرمانی دەستگیركردنانەیان بۆ بنێرن كە تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، بۆ ئەوەی لە رێی پۆلیس و ئاسایشەوە كار لەسەر جێبەجێكردنیان بكەن.

بەپێی نوسراوەکە، بڕیاری جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانە پاش كۆبوونەوەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی هات لەگەڵ دادوەرانی لێكۆڵینەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایش و پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا. 

پێشتریش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای کردبوو، دەستبکرێت بە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی، کە فەرمانیان بۆ دەرچووە، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانیش هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە و تائێستا چەندین تۆمەتبار دەستگیركراون.


AM:10:37:23/10/2018