لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان "تاوان نەبوو" دەشڵێت "تاڕادەیەک ئەو دونیا شێواوە لە قازانجی ئێمەیە".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ١٠ی ٢٠١٨، مەلا بەختیار، لە میانی بەشداریکردنیدا لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، ڕایگەیاند "ئێمە تاوانێکمان نەکرد کە وتمان با ریفراندۆم بکەین؟ هیچ تاوانێکمان نەکردووە، بەڵکوو ئەو عەقڵیەتانەی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حوکم دەکەن، عەقڵیەتێکە کە سنووری مافەکانی تۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیەتی و هەر کاتێک ویستت دەسەڵاتی ئەو تێپەڕێنیت، بۆ ئەسڵی خۆی دەگەڕێتەوە و هێز و تۆپ و تەیارە بەکار دەهێنێت".
باسیشی لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد و ئاشکرایکرد "تاڕادەیەک ئەو دونیا شێواوە لە قازانجی ئێمەیە، دونیای دوو جەمسەری و کۆلۆنیالیزمی و چی و چیمان بینی، هەر کاتێک ڕێک بکەون، ڕێککەوتننامەیەکی جەزائیرت بۆ واژۆ دەکەن، بۆیە ئەم پشێوییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە قازانجی ئێمەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار رەخنەی لە حزبەکانی کوردستان گرت و دووپاتیکردەوە "حزبەکانی ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بەناو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێگەیشتووین، بەڵام لە واقیعدا تائێستا نەتوانراوە دۆستێکی ڕاستەقینە بە تەواوی دابین بکەین و دەستەبەرێک لە هیچ وڵاتێکەوە نییە و لەنێوان حزبەکانیشدا هیچ ڕێککەوتن نییە لە لایەنی ستراتیژییەوە".
وتیشی "ئێمە لە کوردستانەوە پڕۆژەیەکمان برد بۆ بەغدا وەک پڕۆژەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی، بڕیار وابوو کە تا حزبەکانی عێراق وەڵاممان نەدەنەوە ئێمە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق نەکەین، کەچی پۆستێک بووە هۆی ئەوەی بە تەنیا حزبەکان کار بۆ وەرگرتنی پۆست لە حکوومەتی نوێی عێراق بکەن".