هەسەدە هێرشی فراوان دەستپێدەكات

هێزەكانی سووریای دیموكراتی "هەسەدە" هێرشێكی فراوان دەكاتە سەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە نزیك سنوورەكانی عێراق.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندووە، سەدان شەڕڤانی هەسەدە لە گوندەوارەكانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە نزیك سنوورەكانی رۆژئاوای عێراق، خۆیان بۆ هێرشكردنە سەر داعش كۆ كردووەتەوە.

هەروەك روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ژمارەیەك بارهەڵگری سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا گەیشتووەنەتە ناوچەكانی نزیك داعش، بەمەبەستی هێرشكردنە سەر ئەو رێكخراوە.

رۆژی یەكشەممە 28/10/2018، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، فەرماندەیی هەسەدە رایگەیاندووە، دوای حەوت هەفتە لە شەڕ لە دژی داعش لە شارەدێی هەجین لە ناوچەی ئەلبوكەمال، بڕیاری كشانەوەیان دا.

هەجین شارەدێیەكی سەر بە پارێزگای دێرەزوورە لە رۆژهەڵاتی سووریا و كەوتووەتە رۆژهەڵاتی رووباری فورات و نزیك سنوورەكانی عێراق و لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، لە دەست هێزەكانی رژێمی سووریا دەرهێندراوە.

كشانەوەی هەسەدە لەو شارەدێیە دوای هێرشی داعش دێت، كە رۆژی شەممە داعش بە سودوەرگرتن لە خراپیی كەشوهەوا، كردییە سەر هێزەكانی هەسەدە و لە ئەنجامدا 60 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەست دا و نزیكەی 100 شەڕڤانی دیكە بریندار بوون.

 




PM:02:25:29/10/2018