حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە ساڵی داهاتوو فەرمانبەر و مامۆستایانی گرێبەست بکاتە هەمیشەیی.
ماڵپەڕی باسنیوزی نزیک پارتی بڵاویکردەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە بوودجەی ساڵی 2019ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی فەرمانبەر و مامۆستایانی گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی.
ئەو ماڵپەڕە ئەوەشی روونکردۆتەوە ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی زیاتر لە سێ ساڵە بە گرێبەست دامەزراون بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان و هەروەها بەپێی پێویستی فەرمانگەکان پێیان دەکرێنە هەمیشەیی و لە بوودجەی ساڵی 2019 شوێنیان بۆ دەکرێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەستی هەیە، بەپێی رێنماییەکی حکوومەتیش هەر فەرمانبەرێک دوای سێ ساڵ لە گرێبەستەکەی دەکرێتە هەمیشەیی کە هەندێکیان ئەو ماوە یاساییان تەواو کردووە، بەڵام ئەو بڕیارە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە.