هەسەدە: لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی دێرەزوور دەوەستێنین

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا  ئۆپەراستۆنی دێرەزووری وەستاند.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەتووە تیایدا هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئاماژەی بەوەکردووە، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی، کە دەوڵەتی تورکیا لە دژی کۆبانێ و گرێسپی ئەنجامیان دەدات، ئەوان ئۆپەراسیۆنی دێرەزوور لە دژی داعش دەوستێنن.

هەسەدە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەوان لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە دژی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بێدەنگ نابن، هاوکات داواشی لە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کردووە، کە هەڵوێستی روونیان لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا دەرببڕن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەسەدە باسی لەوەشکردووە،"هێرشەکانی تورکیا بە واتای پشتگیریکردن لە داعش دێت، لەکاتێکدا شەڕڤانان داعشیان تەنگەتاو کردووە."

راگەیەندراوەکەی هەسەدە لەکاتێکدایە بەرەبەیانی چوارشەممە 31ی تشرینی یەکەم وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا دژی گوندەکانی کۆبانێ بڵاوکرایەوە، کە
رەز و باخ و زەوی خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج، هەروەها ژمارەیەک هاوڵاتیش بریندار بوون.



PM:08:57:31/10/2018